Ads 468x60px

سازمان شورای اتحاد ملی کرمانشاه ایلام و لرستان

۱۳۹۰ شهریور ۲۲, سه‌شنبه

پەكەكە، توركیا بەرەو ئیفلاسی دەبات

پەكەكە، توركیا بەرەو ئیفلاسی دەبات


دانا رەزگەیی

لەپاڵ ئەو گرژیی‌و ئاڵۆزییانەی بەبیانووی قەڵاچۆكردنی چەكدارانی پەكەكە لەناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان دروستیكردووە، توركیا بەو خەرجییە زۆرەی رۆژانە كردوویەتی، هیچ دەستكەوتێكی لەئامانجەكانیدا نەبووە.

بەپێی راگەیاندنەكان‌و شیكردنەوەی چاودێرانی ئەو وڵاتە، بیانووی بوونی چەكدارانی پەكەكە لەناوچە سنورییەكانی هەرێم، توركیا بەرەو ئیفلاسی سیاسی‌و ئابووری دەبات، ئەوەش رووبەڕووی كێشەی ناوخۆیی‌و دەرەكی كردووەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لەزاری بەرپرسانی پێشووی سوپای توركیا‌و لەراگەیاندنەكانی ئەو وڵاتە ئاشكراكراوە، هێزەكانی ئەو وڵاتە، لەهێرشە ئاسمانی‌و زەمینییەكانیاندا هەزاران ملیار دۆلاری خەرج كردووە‌و هیچ ئامانجێكی دیاریشی نەبووە.

بەبڕوای چاودێران، توركیا لەگەڵ هەنگاوەكانی خۆیدا تێكەوتووە‌و تووشی ناجێگیری بووە، چونكە نەیتوانیووە لەرێگای چارەسەری سیاسی‌و رێگاچارەی سەربازیش كێشەی كورد لەوڵاتەكەی بەرەو چارەسەركردن ببات، ئەوەش زیاتر قەیرانەكانی قوڵتر كردووەتەوە.

لەماوەی رابردوودا‌و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی بۆردوومانی فرۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەرێم، جگە لەزیانی گیانی‌و ماڵی بەهاوڵاتیانی سڤیلی كورد، سوپای توركیا ئامانجێكی ئەوتۆی لەرووبەڕووبوونەوەی پەكەكە نەچینوەتەوە.

هەر ئەو هۆكارانەش بووە، كە بەشێك لەراگەیاندنە فەرمی‌و نافەرمییەكانی ئەو وڵاتە، رووی رەخنەكانیان بكەنە سوپای توركیا‌و سیاسەتی وڵاتەكەیان، تاوەكو گەیشتن بەو بۆچوونەی وڵاتەكەیان هەرگیز سەركەوتوو نابێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەمیدیاكانی توركیا وەك رۆژنامەی (میللیەت‌و رادیكاڵ)ی سەر بەدەسەڵات، لەماوەی بۆردوومانكانی توركیا بۆ سەر ناوچە سنورییەكان بڵاوكراوەتەوە، توركیا بۆ تەنیا یەك سارۆخی فرۆكە، 250 هەزار دۆلاری خەرجكردووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتریش (ئیشك كۆشانەر) فەرماندەی پێشووی سەربازی توركیا، رایگەیاندبوو كە توركیا هەموو هێزی سەربازی خۆی رەوانەی قەندیل بكات، ئەوا سەركەوتوو نابێت.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی توركیا، ئاشكرای كردووە كە وڵاتەكەی، تائێستا زیاتر لە (400000) چوار سەد هەزار ملیار دۆلاری لەرووبەڕووبوونەوەی پەكەكەدا سەرفكردووە‌و هیچ سەركەتووش نەبووە.

كۆشانەر كە زۆربەی زانیارییەكانی لەرۆژنامەكانی توركیادا بڵاوكردووەتەوە، بەپێویستی زانیووە وڵاتەكەی بیر لەرێگای تر بكاتەوە بەرانبەر بەپەكەكە، نەوەكو جەنگ، چونكە ئەوە وێڕای بێ‌ ئەنجامی، هێزەكانی زەمینی توركیاشی رووبەڕووی گرفت‌و شكان كردووەتەوە.

لەماوەی رابردوودا، فەرماندەكانی هێزی دەریایی‌و ئاسمانی‌و زەمینی‌و هێزە چەكدارەكانی توركیا، بەهۆی رەخنە‌و گلەییەكانیان لەدەسەڵات‌و سیاسەتی وڵاتەكەیان، دەستیان لەكاركێشایەوە.

بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، جەخت لەو زانیارییانە دەكەنەوە كە توركیا لەسەر سیاسەتەكانی لەئێستادا، رووبەڕووی قەیرانی ناوخۆیی بووەتەوە.

ئەحمەد دەینز بەرپرسی راگەیاندنی هێزەكانی كۆما جڤاكێ‌ كوردستان، بەهاوڵاتی وت»لەناو رۆشنبیرو راگەیاندنەكانی توركیادا، رەخنەیەكی توند لەسەركردەكانی ئەو وڵاتە دەگیرێت، بەهۆی ئەوەی هێزی سەربازی توركیا ناتوانن بەو پەیڕەو و پرۆگرامەوە كاری سەركەوتوو بكەن بەرانبەر بە پەكەكە».

دەینز، نمونەی ئەو رەخنانە دەهێنێتەوە كە لەچەند رۆژنامەیەكی سەر بەخودی دەسەڵاتی توركیاوە ئاراستەی پارتی دەسەڵاتدار دەكرێت‌و لەبایەخی هەنگاوەكانی هێزی ئەو وڵاتە كەمدەكاتەوە.

هەروەها وتی»توركیا لە ساڵی 1992ەوە واتە لەسەردەمی تانسۆ چیللەر سەركردەی سەربازی ئەوكاتەوە، شەڕی كورد دەكات‌و تاوەكو ئێستاش سەركەوتوو نەبووە».

بەرپرسی راگەیاندنی هێزەكانی كۆما جڤاكێ‌ كوردستان، پێیوایە یەكێك لەئامانجەكانی پارتەكەی ئەردۆگانی سەرۆكوەزیرانی ئێستای توركیا، كۆنتڕۆڵكردنی سوپا‌و هێزی پۆلیسی ئەو وڵاتەیە.

ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێكی تر لەهۆكاری قەیرانەكانی دەسەڵات، كوژران‌و زیادبوونی ژمارەی كوژراوەكانی سوپایە، ئەوەش دەسەڵات رووبەڕووی ناڕەزایی ناوخۆیی‌و كەسوكاری قوربانییەكان دەكاتەوە، بەوەی دەسەڵات سوپاكەی دەخاتە شەڕی دۆڕاوەوە.

دەینز، جەختی لەوەكردەوە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر، سەرۆكی پێشووی سەربازی سوپای توركیا، دانی بەوەدا ناوە كە توركیا ئەو حەوت هاوڵاتییە كوردەی لەهەرێمی كوردستان شەهید كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر حكومەتی توركیا بەفەرمی كوژرانی ئەو هاوڵاتییانەی رەتكردەوە‌و بەسیناریۆی وەسف كرد.

بەبڕوای شارەزایان لەكاروباری توركیا، لەئێستادا حكومەتی توركیا، لەپاڵ كێشەی سنوور رووبەڕووی كێشەی ناوەوەی سنوریش بووەتەوە.

مامەند رۆژە شارەزا لەكاروباری توركیا، باس لەوە دەكات كە توركیا هەموو ساڵێك بەڵێن بەسەربازەكانی دەدات كێشەی شەڕ كۆتایی پێدێت‌و چارەسەردەكرێت، بەڵام ماوەی 25 ساڵە ئەو كێشەیە رۆژ بەرۆژ ئاڵۆزتر بووە، ئەوەش كێشەی لەناو هێزە چەكدارەكاندا دروستكردووە.

رۆژە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە ماوەیەك لەمەوبەر، یەكێك لەجەنەڕاڵەكانی توركیا، لەكاسێتێكی دەنگیدا دانی بەوەدا ناوە كە ئەوان تائێستا هیچ ئەنجامێكیان لەرووبەڕووبونەوەی »تیرۆر» نەبووە‌و ناتوانن زیاتر رووبەڕووی پەكەكە ببنەوە.

دوای دەستلەكاركێشانەوەی چوار فەرماندەی گەورەی توركیا، لەئێستادا (نەجدەت ئۆزەل) فەرماندەی هێزە چەكدارەكان كە سەر بەحیزبی (ئەكەپە)یە، تۆمەتی ئەوەی رووبەڕوو دەكرێتەوە كە هەوڵی دەستبەسەراگرتنی سوپا دەدات.
---------------------------

دوای‌ هێرشه‌كانی ئێران په‌ژاك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گۆڕینی بڕیاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ئاگر به‌ست.


ئه‌م ئێواره‌یه‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئێران په‌لاماری‌ ناوچه‌ی‌ دۆڵی باڵه‌یانیان داو تۆپبارانی ناوچه‌ی‌ سیده‌كانی سه‌ربه‌ قه‌زای‌ سۆرانیشیان كرد، وته‌بێژی‌ په‌ژاكیش رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر ئه‌م هێرشانه‌ به‌رده‌وام بیـَت ئه‌وا ئێمه‌ هه‌ڵوێستی جیاوازمان ده‌بێـت له‌باره‌ی‌ ئاگربه‌سته‌كه‌وه‌.

ئاكۆ حه‌مه‌د رابی: دوای‌ ئه‌و هێرش ‌و تۆپبارانه‌ی‌ ئه‌مڕۆ هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئێران كردیانه‌ سه‌ر ناوچه‌كانی سیده‌كان‌و د‌وڵی‌ باڵه‌یان، وته‌بێژی‌ فه‌رمی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (په‌ژاك)  شێرزاد كه‌مانگه‌ر به‌سایتی ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند" ئه‌گه‌ر ئه‌م هێرش‌و تۆپبارانه‌ی‌ بۆسه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ئێمه‌ هه‌ڵوێستی جیاوازترمان ده‌بێـت له‌و ئاگربه‌سته‌ی‌ كه‌ رامانگه‌یاندووه‌".

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ په‌ژاك وتیشی: له‌و چوارچێوه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ دامان نابوو بۆ ئاگر به‌ست ئه‌م پێشێلكاریانه‌ وامان لێده‌كات كه‌ ئاگربه‌سته‌كه‌ كۆتایی‌ پێ بێت، هه‌روه‌ها جه‌ختیشی كرده‌وه‌ " هه‌ڵوێستی فه‌رمی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پابه‌ند بین به‌و ئاگربه‌سته‌وه‌ كه‌ پێشتر رامان گه‌یاندووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێران هه‌ر سور بێـت له‌سه‌ر شكاندنی ئاگربه‌سته‌كه‌، ئه‌وا ئێمه‌یش بڕیارمان جیاواز ده‌بێت".

سه‌ر له‌ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ دوو ناوچه‌ی‌ جیاوازه‌ وه‌ ئێران په‌لاماری‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی دا، له‌ دۆڵی‌ باڵه‌یانی سه‌ر به‌قه‌زای‌ چۆمان به‌ تۆپباران‌و زرێپۆش‌و هێزی زه‌مینیه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌كانی گۆمی بێكۆدیان ‌و گه‌لی پڕخێلن.

له‌ ناوچه‌ی‌ سیده‌كانی سه‌ر به‌قه‌زای‌ سۆرانیش هه‌ر ئه‌م ئێواره‌یه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 45 خوله‌ك ئێران تۆپبارانی ناوچه‌ی‌ گه‌لی لێتانی كرد، كه‌ تیایدا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ گونده‌كانی بێركمه‌ ، كۆلین، سنین، ده‌راو، رۆبی له‌م تۆپبارانه‌دا زیانبار بوون.

ئه‌م هێرش ‌و تۆپبارانه‌ی‌ ئێران له‌داوی‌ ئه‌و هێوریه‌ كاتیه‌ دێت كه‌ به‌ هۆی‌ هه‌وڵی چه‌ند لایه‌نێك‌و ئاگربه‌ست راگه‌یاندنی په‌ژاكه‌وه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا دروست بوبو ، به‌لام هێرش‌و بۆردومانه‌كانی ئه‌م ئێواره‌یه‌ جارێكی تر كۆتایی‌ به‌و ئارامیه‌ كاتیه‌ هێنا‌و، له‌ ئه‌گه‌ری‌ به‌رده‌وامییشیدا په‌ژاك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گۆڕینی هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ ئاگر به‌سته‌كه‌یان.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر