Ads 468x60px

سازمان شورای اتحاد ملی کرمانشاه ایلام و لرستان

۱۳۹۲ اردیبهشت ۱۳, جمعه

تاکە رێکخراوی کوردی لە ئەنجوومەنی کوڕی رەزاشا دەکشێتەوە



تاکە رێکخراوی کوردی لە ئەنجوومەنی کوڕی رەزاشا دەکشێتەوە

رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان: رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان رایگەیاند کە لە “ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێران” دەکشێتەوە و پێی وایە کە ئەو ئەنجوومەنە هیچ پەیامێکی بۆ کورد نییە. ئەنجوومەنی نیشتمانی تا ئێستا لەم بارەوە هیچ هەڵوێستێکی دەرنەبڕیوە.بەشیر ئەمیر خانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری و بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان لە بارەی هۆکاری بەشداری کردنیان لە ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێران بە (رووداو)ی راگەیاند “بڕیار بوو ئەو ئەنجوومەنە بکرێتە رێکخراوێکی گشتگیری ئۆپۆزیسیۆن کە باوەڕی بە جیاوازییەکانی ئێران هەبێت، بۆیە ئێمەش پێمان وابوو دەرفەتێکە کە دەتوانین بۆ وەدیهێنانی مافەکانمان کەڵکی لێ وەربگرین”. جگە لەم رێکخراوە، هیچکام لە رێکخراو و پارتە سیاسییەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێران بەشدار نەبوون.


بەشیر ئەمیر خانی هەروەها گوتی “رێکخراوی یارسان لە لێژنەی کاتی دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە ئەندام بووە و لە پێڕەو وپرۆگرامێکدا کە ئەم لێژنەیە ئامادەی کردووە دوو خاڵ بۆ لەبەرچاو گرتنی جیاوازیی نەتەوەیی و دابین بوونی یەکسانی مافەکانیان و هەروەها چڕ نەبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەند رێک کەوتبووین”.
بەڵام وەکوو ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەری رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا “رەوتێکی نادیموکراتیک و بیرۆکەی پاشایەتی خوازی” زاڵ بووە، بۆیە دەستکاری پێڕەو و پڕۆگرامەکەیان کردووە. ئەوانیش وەکوو ناڕەزایەتییەک بەو کارە و شێوازی بەڕێوەچوون، کۆبوونەوەکەیان جێ هێشتووە و لەو ئەنجوومەنە کشاونەتەوە.
بە گوتەی بەشیر ئەمیرخانی، رێکخراوی یارسان هیچکات چاوپۆشی لە نیشتمان و مافە نەتەوەییەکانی کورد ناکات و بە پیرۆزترین شتیان دەزانێت.
ئەندامی دەستەی نوێنەرایەتی رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان هەروەها رایدەگەیەنێت کە دوای ناڕەزایەتییان ئەندامانی کۆبوونەوە و بە تایبەت رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران کە دواتر وەکوو کەسی یەکەم و گوتەبێژ دیاری کرا، داوایان لێ کردوون کە کۆبوونەوە بەجێ نەهێڵن و پێشنیاریان پێ کردوون کە پۆستی جێگری وتەبێژ و ئەندامەتی لە ئەنجوومەنی ناوەندییان پێ بدەن، بەڵام قبوڵیان نەکردووە.
لە مانگی نیسانی 2012 دوو رێکخراوی یاریکورد و بزووتنەوەی دیموکراتیکی یارسان یەکیان گرت و رێکخراوی دیموکراتیکی یارسانیان پێکهێناوە.
رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان پێکهاتەیەکی سیاسی نەتەوەییە کە لە لایەن پێڕەوانی ئایینی یاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت. ئایینی یاری لە باشووری کوردستان بە کاکەیی دەناسرێت


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر