Pages

۱۳۹۰ آذر ۲۳, چهارشنبه

هاوڵاتیانى ناوچه‌ کوردییه‌کانى دیاله‌ و عه‌ره‌به‌ ره‌سه‌نه‌کان داواى هاتنی هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن


هاوڵاتیانى ناوچه‌ کوردییه‌کانى دیاله‌ و عه‌ره‌به‌ ره‌سه‌نه‌کان داواى هاتنی هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن
گه‌رمیان 14کانوونی یه‌که‌م/دیسه‌مبه‌ر- به‌هۆى ئه‌و بارگرژییه‌ى له پارێزگاى دیاله‌ هاتۆته ئاراوه‌ و تێیدا میلیشاکان تێکه‌ڵاوی خۆپیشانده‌ران بوون، هاوڵاتیانى دانیشتووى ناوچه‌کانى جه‌له‌ولا و سه‌عدییه و ناوچه‌ کوردییه‌کانى دیکه‌، له‌ ترسى ته‌شه‌نه‌کردنى ئاڵۆزییه‌کان و بێ‌ده‌نگیى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان، داواى هاتنى هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن بۆ پاراستنى سه‌رو ماڵیان. 
  
له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌رپرسى ناوچه‌ى جه‌له‌ولاى پارتى دیموکراتى کوردستان "شیرکۆ تۆفیق" به‌ ئاژانسى هه‌واڵى په‌یامنێرى راگه‌یاند: دواى راگه‌یاندنى به‌هه‌رێم‌بوونى پارێزگاى دیاله‌، بارگرژى و نائارامى ناوچه‌که‌ى گرتۆته‌وه‌ و له‌ ئێستادا چه‌ند ناوچه‌یه‌ک له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌تدا نه‌ماوه‌ و که‌وتۆته‌ ژێر کۆنترۆڵى خۆپیشانده‌ران و گروپه‌ میلیشیایاکانى سه‌ر به‌ حزبی عه‌وده‌ به‌ تایبه‌تیش ناوچه‌کانى خاڵس و شاره‌بان.
شێرکۆ تۆفیق راشیگه‌یاند: به‌هۆى بارگرژییه‌کانه‌وه‌ هاوڵاتیانى شارۆچکه‌ى جه‌له‌ولا و سه‌عدییه‌ و چه‌ند ناوچه‌یه‌کى حه‌وزى حه‌مرین تووشى شۆک و ترس و دڵه‌راوکێ بوونه‌ته‌وه‌ و به‌کورد و عه‌ره‌بى ره‌سه‌ن و تورکمانه‌وه‌ داوا ده‌که‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان به‌ زووترین کات جووڵه‌یان پێبکرێت بۆ ناوچه‌کانیان و هه‌روه‌ها جێگیر بکرێن بۆ پاراستنى سه‌روماڵیان له‌ هه‌ر حاڵه‌تێکى نه‌خوازراودا.
هه‌روه‌ها به‌رپرسی ناوچه‌ی جه‌له‌ولای پارتی دیموکراتی کوردستان گوتى: هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ ئاستى پێویستدا نین و هیچ رۆڵێکى ئه‌وتۆیان له‌و بارگرژییه‌دا نییه‌ که‌ ئێستا هاتۆته‌ ئاراوه‌ به‌ جۆرێک له‌ هه‌ندێ ناوچه‌که‌ حکومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى نه‌ماوه‌، بۆیه‌ هاوڵاتیانى ناوچه‌ کوردییه‌کان ته‌نها به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ پشت ئه‌ستوورن له‌ پارێزگارى کردنیان.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى ئاماژه‌شی دا: زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌ خۆپیشانده‌کاندا رۆڵیان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ن که‌ پێشتر سه‌ر به‌ حزبی به‌عسى رووخاو بوونه‌ و ئێستاش له‌ ژێر ناوى حزبی عه‌وده‌وه‌ کاروچالاکى ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌تایبه‌تى هه‌ردوو هۆزى جبورى و کروی.
سیروان حه‌سه‌ن/خ.ع
-------------------------

ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران: ئه‌وانه‌ی ئێستا داوای به‌هه‌رێم‌بوونی پارێزگاکانیان ده‌که‌ن پێشتر هه‌ر ده‌نگیان به ده‌ستوور نه‌داوه

 
هه‌ولێر 14کانوونی یه‌که‌م/دیسه‌مبه‌ر (PNA)- ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، رووداوه‌کانی ناوچه‌که و هاندانانی ده‌ره‌کی، کاریگه‌ریی له‌سه‌ر داواکردنی پێک‌هێنانی هه‌رێمه‌کان هه‌یه. 

مه‌حمود عوسمان له‌سه‌ر لیستی فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان به ئاژانس و رادیۆ په‌یامنێری راگه‌یاند: خه‌ڵکی ئه‌و پارێزگایانه‌ی داوای به‌هه‌رێم‌بوونی پارێزگاکه‌یان ده‌که‌ن هه‌ندێک داواکارییان هه‌یه به‌و حیسابه ئه‌گه‌ر حکومه‌ت داواکارییه‌کانیان بۆ جێ‌به‌جێ بکات، ده‌بێت واز له به‌هه‌رێم‌بوونی پارێزگاکانیان بێنن.
دکتۆر عوسمان ئاشکرای کرد: ئه‌وانه‌ی ئێستا داوای به‌هه‌رێم بوونی پارێزگاکان ده‌که‌ن، کاتی خۆی ده‌نگیان به ده‌ستوور نه‌داوه که ئه‌م ماده‌یه‌ی هه‌رێمه‌کانیش له‌خۆ ده‌گرێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی که عێراق به فیدارڵی ده‌کات.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت: له هه‌مان کاتدا ئێستا له‌م کاته‌دا هاندانێک هه‌یه، له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی سوننه و سعودیا و تورکیا، هه‌ره‌وه‌ها ئه‌و رووداوانه‌ی له ناوچه‌که رووده‌دات و حکومه‌ته‌کان ده‌ڕووخێن و حکومه‌تی ئیسلامیی تێیدا داده‌مزرێت که هه‌مووشیان سوننه‌ن، کاره‌یگه‌ریی له‌سه‌ر سوننه‌کانی عێراق هه‌یه، هه‌روه‌ک چۆن ئه‌گه‌ر شتێک له‌ناو کورده‌کانی تورکیا رووبدات بۆ ئێمه‌ش هاندانێک ده‌بێت.
مه‌حمود عوسمان گوتی: ئێمه دژی به‌هه‌رێم‌بوونی پارێزگاکان نین، ئه‌گه‌ر شتێکی ده‌ستووری بێت، به‌ڵام کێشه‌ی ئێمه ناوچه دابڕاوه‌کانه، ده‌مانه‌وێت ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکرێت و پێش دروست بوونی هه‌رێمه‌کان مادده‌ی140 جێ‌به‌جێ بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌کان پێش پێک‌هێنانی هه‌رێمه‌کان چاره‌نووسیان دیاری بکرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌کرێت، کێشه‌ی ئێمه دووقات ده‌بێت، له‌لایه‌ک ده‌بێت له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق و له‌لایه‌کی دیکه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌که خه‌ریک بین.
توانا ئه‌حمه‌د/خ.ع
---------------------------------
 
لاوێکی کورد دژ به‌ گوشه‌گیری سه‌ر رێبه‌ری گه‌لی کورد ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا
لاوێکی تەمەن 15 ساڵە بەناوی 'فرات ئیزگین' لەپێناو شەرمەزار کردنی گۆشەگیری دژواری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دوێنێ لە ناوچەی مدیادی مێردین ئاگری لەجەستەی بەردا و لە ئاکامدا گیانی لەدەست دا. 
دوێنێ 'فرات ئیزگین'ی تەمەن 15 ساڵ، لەپێناو شەرمەزارکردنی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان، ئاگری لە جەستەی بەردا و سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی دوکتۆر، نەتواندرا گیانی رزگار بکرێت. 
تەرمی فرات، بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەتی لە شاری مێردین گوازراوەتەوە و بنەماڵەکەی و بەرپرسیارانی بەدەپە گەیشتنە نەخۆشخانەکە و تەرمەکەیان ورگرتەوە و بڕیارە لە گوندی بەهوارێی سەربە ناوچەی مدیادی مێردین بەخاکی بسپرن
--------------------------
 
کوان شێره‌ پیاوه‌کانی کۆمه‌ڵه‌، که‌ لافی سکۆلاریزم ، مه‌ده‌نیه‌ت، یه‌کسانی و مافی ژنان لێده‌ده‌ن.
ئه‌م ژن کوشتنه‌ی ئێوه‌ له‌ چی تاڵێکی ڕیشتی کارڵ مارکسدا نوسراوه‌ ؟
وه‌ک شۆڕشتان پێناکرێت و ده‌خۆن و ده‌خۆنه بۆ ژنانی هه‌ڵهاتووی وڵاته‌که‌م له‌ده‌ستی پیاوساری و شه‌یعه‌ت ده‌کوژن ؟ فه‌رموون خۆتان بیخوێننه‌وه‌ .

( ژنێکی کورد له‌ ئۆردوگای کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشان کوژرا.
...
دوێنێ دووشه‌ممه‌ ژنێک له‌ ئۆردۆگای کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران به‌ ده‌ستی مێرده‌که‌ی کوژرا.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌کان، له‌ ئوردۆگای بازیانی نزیک به‌ شاری سلێمانی، ژنێک به‌ ناوی یه‌ڵدا ته‌مه‌ن 28 ساڵ، به‌ ده‌ستی مێرده‌که‌ی که‌ خه‌ڵکی دیوانده‌ره‌ کوژراوه‌ .

تا ئێستا روون نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌و ژنه‌ی کۆمه‌ڵه‌ له‌ سه‌ر چی کوژراوه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ ده‌ست گه‌یشتوون به‌ دوو گولـله‌ کوژراوه‌.

شایانی باسه‌ له‌ یه‌ک دوو ساڵی رابردوودا، چه‌ندین رووداوی هاوشێوه‌ له‌ ئۆردوگاکانی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران روویان داوه‌. ).
////////////////////////
له‌ به‌لجیكا مه‌غریبییه‌ك 3 كه‌س ده‌كوژێت و خۆیشى ده‌كوژرێ

هاووڵاتییه‌كى به‌لجیكى به‌ ره‌گه‌ز مه‌غریبى له‌ قه‌ره‌باڵغترین شوێنى شارى لێژى به‌لجیا به‌ نارنجۆك و چه‌كى ئۆتۆمانتیكى هێرش ده‌كاته‌ هاووڵاتیان و له‌ ئه‌نجامدا 3 هاووڵاتى ده‌كوژێت و خۆیشى ده‌كوژرێ، هه‌روه‌ها 123 هاووڵاتیش بریندار ده‌كات.

کاتژمێر 12:30ی نیوه‌ڕۆى رۆژى 13/12/2011 نۆردین ئامرانی بەڕەگەز مەغریبی و هاوڵاتی بەلجیکا کە ساڵی ٢٠٠٨ بە تاوانی چاندنی ماددەی بێهۆشکەر و بازرگانی چەک لە لایەن دادگای بەلجیکا بە ٤ ساڵ زیندانی سزادرابوو، لە قەرەباڵغترین و ناوەندی شاری لێژی بەلجیکا (ساینت لامبەرت) بە نارنجۆک و چەکی ئۆتۆماتیکی کەوتە گیانی ئەو هاوڵاتیانەی کە بە بۆنەی نزیکبوونەوەی کریسمه‌س لەوێ کۆببوونەوە.
نۆردین ئامرانی تەمەن ٣٣ ساڵ، سەرەتا ٣ تا ٤ نارنجۆک دەخاتە ناو خەڵکەکەو پاشان بە چەکی ئۆتۆماتیکی و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقە لە خەڵک دەکات.
به‌پێى زانیارییه‌كان تا ئێستا ٣ هاوڵاتی و بکەرەکە کوژراون و باس لە مردنی کەسی پێنجەمیش دەکرێ. بەپێی سەرچاوەکانی پۆلیس ژمارەی برینداران ١٢٣ کەسە، کە برینى بەشێکیان سەختەو، ئەگەری گیان لە دەستدانیان هەیە.
پۆلیسی بەلجیکا رایگەیاند ئەوان جارێ نازانن ئایا نۆردین ئامرانی بە گولـلەی پۆلیس كوژراوه‌، کە لەوێ ویستویانە بەرەنگاری ببنەوە، یان لە کۆتاییدا خۆی کوشتووە.
بەپێی لێدوانی پۆلیس، ناوبراو دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٨ دا بۆ ماوەی ٤ ساڵ سزای زیندانی بۆ بڕایەوە لە ٢٠١٠ دا واتە دوای ئەوەی نیوه‌ى سزاکەی کێشا، دادگا بڕیاری ئازادکردنی دا. لەو ماوەیەی دواییدا چەند کەسێک سکاڵایان لە لای پۆلیس تۆمار کردوە کە نۆردین ئامرانی تەجاوزی بەوان کردوە و لەسەر ئەو بنەمایە پۆلیسی دادگای شاری لێژ بانگهێشتی ناوبراوی کردوە تاکو لە ڕۆژی ١٣-١٢ واتە هەمان رۆژی رووداوەکە لە ناوەندی پۆلیس ئامادە بێ. ناوبراو لە کاتی خۆیدا ئامادە نابێت و پۆلیسیش هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی، بەڵام لەماڵ نابێت و ناتوانن بیدۆزنەوە.
دوای ماوەیەک نۆردین ئامرانی بە ئۆتۆمبێلەکەی دەچێتە بەر دەرگای دادگا کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شار و شوێنێکی قەرەباڵغ، دەست بە نارنجۆک فڕێدان و تەقە کردن دەکات تا خۆشی دەکوژرێ.
دوای رووداوەکە پاشای بەلجیکا ئەلبەرتی دووەم، سەرۆک وەزیران ئێلیۆ دی روپۆ و وەزیری ناوخۆ سەردانی شوێنەکەیان کردو تا ئامادەکردنی ئەو هەواڵە، لە ژووری قەیراندان و بەردەوامن لەسەر گفتوگۆ.
دوای رروداوەکەی نۆرویژی هاوینی رابردوو ئەوە گەورەترین کارەساتە لە ئەوروپا دووبارە دەبێتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر