Pages

۱۳۹۰ شهریور ۱۴, دوشنبه

کورد له‌ هاوکێشه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی تورکیاو ئیسڕائیلدا

کورد له‌ هاوکێشه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی تورکیاو ئیسڕائیلدا


نوسینی: ساڵح میراوده‌لی
تورکیا یه‌که‌م وڵاتی ئیسلامی بو له‌ ساڵی 1949 دا، که‌ دانی به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسڕائیلی داناوه‌،له‌وێش به‌ دواوه‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سیمبولیدا ماوه‌ته‌وه‌،هه‌تاوه‌کو ساڵی  1990،به‌ڵام له‌وێ به‌دواوه‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی ئیسڕائیل و تورکیا ئه‌و قۆناغه‌ به‌جێده‌هێڵێت و زۆربه‌ی بواره‌ گرنگ و ستراتیژیه‌کانی هه‌ر دو وڵات ده‌گرێته‌وه‌،ئه‌ویش به‌هۆی ڕوخانی جه‌مسه‌ری ڕۆژهه‌ڵات و گرنگی پێگه‌ ستراتیژی و جیۆپۆلۆتیکیه‌که‌ی تورکیا.
په‌یوه‌ندی توند و تۆڵی تورکیا و ئیسڕائیل،له‌و کاته‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات،کاتێک له‌ ساڵی 1991 دا تورکیا دوای به‌شداریکردنی کۆنگره‌ی ئاشتی مه‌درید و تازه‌کردنه‌وه‌ی پابه‌ندبونیان به‌ کاره‌کانی ئه‌و کۆنگره‌یه‌،دواتر له‌ ساڵی 1993 دا،حیکمه‌ت چه‌تینی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا سه‌ردانی ئیسڕائیلی کرد و ئه‌وه‌ش به‌ سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و دو وڵاته‌ داده‌نرێت،چونکه‌ له‌و سه‌ردانه‌دا چه‌ندین ڕێککه‌وتن نامه‌ی گرنگ له‌ نێوان هه‌ر دو وڵاتدا واژۆکرا له‌ بواری هاوکاری و لێک تێگه‌یشتن،دوای گه‌ڕانه‌وه‌شی چه‌تین له‌ تورکیا ڕایگه‌یاند،په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل له‌سه‌ر بنچینه‌ی هاوکاری ده‌بێت له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌کان و به‌ تایبه‌تیش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا،دواتریش له‌ ساڵی 1994دا بۆ به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ تانسۆ چیلله‌ری سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا و سلێمان دیمیرلی سه‌رۆکی تورکیاش له‌ ساڵی 1996دا سه‌ردانی ئیسڕائیلیان کردوه‌،هه‌ر هه‌مان ساڵ  شیمۆن پێرێزی وه‌زیری ده‌ره‌وه و سه‌رۆکی ئیسڕائیل سه‌ردانی تورکیایان کردوه.
ساڵی 1996 به‌ ساڵی ئه‌وپه‌ڕی قوڵبونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌و دو وڵاته‌ داده‌نرێت،سه‌ره‌تای ساڵی 1997یش دوا به‌ دوای سه‌ردانێکی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسڕائیل،فه‌رمانده‌ی سوپای تورکیا سه‌ردانی ئیسڕائیل ده‌کات و دوابه‌ دوای ئه‌ویش وه‌زیری به‌رگری تورکیا تۆران تایان سه‌ردانی ئیسڕائیل ده‌کات،ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌رده‌وامیان هه‌بوه‌ له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته‌ باڵاکان و ئاستی خواره‌وه‌،تاوه‌کو  له‌ مانگی هه‌شتی ساڵی 1997دا هه‌ردو وڵات گه‌یشتنه‌ واژۆکردنی ڕێککه‌وتن نامه‌ی ستراتیژی و مه‌سعود یه‌ڵمازی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌و کاته‌ی تورکیا گوتی هاوکاری و په‌یوه‌ندی نێوان ئێمه‌ و ئیسڕائیل په‌یوه‌ندی به‌ هاوسه‌نگی هێزه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا،په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌و دو وڵاته‌ له‌ ساڵی 1990 به‌ دواوه‌ هه‌مو بواره‌کانی بازرگانی، گه‌شتیاری،ئه‌کادیمی،که‌لتوری،سه‌ربازی و زۆر شتی گرته‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵی 1996 دا دوای هاتنه‌ سه‌ر کاری حزبی ڕه‌فا و هاتنه‌ سه‌رکاری نه‌جمه‌دین ئه‌ڕبه‌کان وه‌کو ئیسلامیه‌کی دژه‌ ئیسڕائیل،گومانی لاواز بونی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی دروست کرد،به‌ تایبه‌تیش پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان و له‌ کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ئه‌ربه‌کان به‌ڵێنی دابو ئه‌گه‌ر بیباته‌وه‌ هه‌مو په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئیسڕائیلدا هه‌ڵده‌په‌سێرێت، زیاتر به‌ ڕوی جیهانی عه‌ره‌ب و ئیسلامدا ده‌کرێته‌وه‌،به‌ڵام به‌هۆی زاڵی زۆری سوپا و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا که‌ پێک هاتوه‌ له‌ جه‌نه‌ڕاڵه‌کانی سوپا و که‌سایه‌تیه‌ ڕامکاره‌کان،ئه‌ربه‌کانیان ناچارکرد له‌ ناوه‌ڕاستی 1997دا ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌ و سنوری چالاکیه‌کانیشیان سنوردار کرد.
هه‌ر له‌و کاته‌دا هه‌ندێک له‌ وڵاتانی ناوچه‌که‌ به‌ ئاشکرا ئاماژه‌یان به‌ مه‌ترسی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی نێوانیان کرد،عه‌بدولحه‌لیم خه‌دام له‌ زاری حکومه‌تی سوریاوه‌ گوتی له‌ دوای ساڵی 1948 ه‌وه‌ ئه‌و ڕێککه‌وتن و په‌یوه‌ندیه‌ ستراتیژیه‌ی تورکیا و ئیسڕائیل ،گه‌وره‌ترین مه‌ترسی ده‌بێت بۆ سه‌ر جیهانی عه‌ره‌بی،هه‌ردو حکومه‌تی ئێران له‌ زاری خاته‌می سه‌رۆکی ئێران و ئێراقیش له‌زاری محه‌مه‌د سه‌عید سه‌حافه‌وه‌، هاوکات مه‌ترسی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌یان به‌ جۆرێک لێکدایه‌وه‌،که‌ مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا لێده‌که‌وێته‌وه‌.
له‌ دوای ساڵی 2000 یشه‌وه‌ به‌هۆی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان ئیسڕائیل و فه‌له‌ستینیه‌کان،تورکیا چه‌ندین جار ڕه‌خنه‌ی ئاراسته‌ی ئیسڕائیل کردوه‌،تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌ندێ جار هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردوه‌،هه‌مو ئه‌و ڕێککه‌وتن نامانه‌ هه‌ڵپه‌سێرێت یان یه‌کجاری هه‌ڵیانوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستله‌ کوشتاری فه‌له‌ستینیه‌کان هه‌ڵنه‌گرێت،ساڵی ڕابردوش  چه‌ند که‌شتیه‌کی تورکیا به‌ مه‌به‌ستی کۆمه‌ک و هاوکاری مرۆیی،به‌ره‌و که‌ناره‌کانی غه‌ززه‌ به‌ڕێکه‌وتن،به‌ڵام ئیسڕائیل ڕێگه‌ی پێنه‌دان  و له‌ ڕێی سوپاوه ڕوبه‌ڕویان بۆوه‌،له‌ ئه‌نجامیشدا شانزه‌ که‌س له‌ چالاکوانانی تورکیا کوژران و ده‌یانیشیان لێ بریندار بون،له‌سه‌ر ئه‌م ڕوداوه‌ش په‌یوه‌ندیه‌کانی تورکیا و ئیسڕائیل ڕۆیشته‌ قۆناغێکی تره‌وه‌،هه‌تا له‌ دوی سێپته‌مبه‌ری ئه‌مساڵدا،ئۆغڵۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ده‌رکردنی باڵیۆزی ئیسڕائیلی له‌ وڵاته‌که‌ی ڕاگه‌‌یاند،هه‌مو ڕێککه‌وتنه‌ سه‌ربازی و ستراتیژیه‌کانیشی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا هه‌ڵپه‌سارد،به‌هۆی ئه‌وه‌ی حکومه‌تی ئیسڕائیل به‌ فه‌رمی داوای لێبوردنی له‌ تورکیا نه‌کردوه‌.
ئه‌گه‌ر چاوێک به‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی نێوان تورکیا و ئیسڕائیلدا بخشێنین و بێین له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین،ئایا تاچه‌ند په‌یوه‌ندی ئه‌و دو وڵاته‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆزی کورد هه‌بوه‌؟
له‌ ساڵی 1997داو له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی مه‌سعود یه‌ڵمازدا،دۆزی کورد زۆر به‌ تۆخی چوه‌ نێو کارنامه‌ی ڕێککه‌وتنامه‌ ستراتیژی و سه‌ربازیه‌کانی نێوان ئه‌و دو وڵاته‌،ئه‌ویش به‌ خستنه‌ فشار بۆ سه‌ر هه‌ر دو وڵاتی سوریا و لوبنان،بۆ ئه‌وه‌ی واز له‌ پشتگیری په‌که‌که‌ بهێنن،تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی تورکیا ماوه‌یه‌کی دیاریکراوی دایه‌ حکومه‌تی سوریا بۆنه‌هێشتنی بنکه‌ و باره‌گای ئه‌و پارته‌،ئه‌گه‌رنا هێزی سه‌ربازی له‌ به‌رامبه‌ردا به‌کار ده‌هێنن،ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش خاڵی به‌رژه‌وه‌ندی ڕامیاری هاوبه‌شی هه‌ردو لای تێدابو،بۆتورکیا لێدان و لاوازکردنی په‌که‌که‌ بوبه‌ ده‌رکردنیان له‌ سوریا ،له‌ حاڵه‌تی دوه‌میشدا بۆ ئیسڕائیلیه‌کان ئه‌گه‌ر سوریا نه‌چوبایه‌ ژێر باری داواکه‌ی تورکیا ئه‌وا توشی هێرشی سه‌ربازی ده‌بۆوه‌و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئیسڕائیل ده‌شکایه‌وه‌،ئه‌وه‌بو سوریا له‌و ماوه‌ دیاریکراوه‌دا هێزه‌کانی په‌که‌که‌ی به‌ سه‌رۆکه‌که‌شیانه‌وه‌ ده‌رکرد و دواتریش له‌ ساڵی 1999دا له‌ لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسڕائیل ئۆجه‌لان ده‌ستگیر کراو ڕاده‌ستی تورکیا کرایه‌وه‌.
به‌شی زۆری ڕێککه‌وتنه‌ سه‌ربازیه‌کانی نێوان ئه‌و دو وڵاته‌،له‌ ڕوی پڕاکتیکیه‌وه‌ له‌سه‌ر دۆزی کورد جێبه‌جێکراون،ده‌بینین له‌ دوای ئه‌و کاته‌وه‌ تورکیا به‌ پشتیوانی لایه‌نی هه‌واڵگری و سه‌ربازی،ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌کانی بۆ سه‌ر گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ و باشوری کوردستان چڕ تر کردۆته‌وه‌،که‌ تائێستاش ئه‌و هێرش و بۆردومانانه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌.
به‌ تێڕوانین له‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌و دو وڵاته‌ و کارلێکی هێزه‌کان و ده‌رهاویشته‌کانی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌،ده‌گه‌ینه‌ ڕاستیه‌کی لۆژیکی،که‌ کورد وه‌کو کارتێک بۆ هاوسه‌نگی له‌ نێوان تورکیا و ئیسڕائیل و نه‌یاره‌کانیان به‌ کارهاتوه‌،به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زۆرترین زیانی له‌ بواری ڕامیاریدا به‌رکه‌وتوه‌،یان باشتر بڵیم قوربانی یه‌که‌می ئه‌و ڕێککه‌وتن و په‌یوه‌ندیانه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد و نیشتیمانه‌که‌ی کوردستان بوه‌،ده‌کرێت له‌ ڕوانگه‌ی تێکچونی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی نێوانیشیان جارێکی دی کارتی کوردی بێته‌وه‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ و لایه‌نێک هه‌وڵ بدات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا به‌کاری بهێنێت،به‌ڵام پرسیاره سه‌ره‌کیه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌،ئایا به‌کارهێنانی ئه‌و جاره‌ی کارتی کورد له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد و نیشتیمانه‌که‌یدا ده‌بێت یان دوچاری پیلان و قۆناغێکی سه‌خت تری ده‌کات؟
ئه‌گه‌ری سه‌ره‌کی و یه‌که‌میان ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیه‌تی،ئه‌گه‌ر به‌ره‌و پێش چونی دۆزی کورد له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌واندا بێته‌وه‌،به‌ دڵنیایی شیمانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کرێت لێکه‌وته‌کانی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کوردیشدا بن، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وا هاوکێشه‌که‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد دا نابێت.
ئه‌گه‌ری دوه‌میان په‌یوه‌ندی به کورد خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌مو به‌شه‌کاندا،ئایا تاچ ئاستێک تێگه‌یشتنیان بۆ ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ هه‌یه‌ و خۆیان بۆ ئاماده‌ کردوه‌،به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ بکارن ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کوردو نیشتیمانی کوردستان به‌ گشتی بشکێته‌وه‌،نه‌ک کوردی به‌شێک به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان له‌سه‌ر که‌وڵی به‌شێکی تربچنێته‌وه‌،له‌ ژێر پاساوی خواستنی بارو دۆخه‌که‌دا
---------------------------------
ناره‌زایه‌تی گه‌ل دژ به‌ هێرشه‌کانی داگیرکه‌ران
gel.66
تووڕه‌یی گه‌لی کورد له‌ دژی سیاسه‌ته‌کانی ئاکه‌په‌ی شه‌ڕخواز تادێت زیاتر ده‌بێت.
دوێنێ شه‌و له‌سه‌ر بانگی به‌ده‌په‌، ئه‌مه‌پ و ئیهاده‌ و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ سه‌دان که‌س له‌ شاری سه‌مسوور ده‌رکه‌وتنه‌ مه‌یدانه‌کان و له‌ دژی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان رێیان پێوا.
ئاپۆڕای گه‌ل مه‌شخه‌ڵ به‌ده‌ست و به‌ ده‌م وتنه‌وه‌ی دروشم هه‌تا پارکی دیموکراسی رێیان پێوا.
دوای خوێندنه‌وه‌ی لێدوانه‌کان، چالاکی دانیشتن ئه‌نجام درا.
خه‌ڵکی گه‌ڤه‌ریش، سبه‌ینێ له‌ دژی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان، ده‌رده‌که‌ونه‌ مه‌یدانه‌کان.
له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆکی رێکخستنی به‌ده‌په‌ عوسمان دارا لیدوانێکی دا و وتی: ئه‌وان سبه‌ینێ کاتژمێر 2ی دوانیوه‌ڕۆ به‌ره‌و هه‌رێمه‌کانی ئۆپه‌راسیۆن ڕێ ده‌پێون.http://www.rojhelat.nu
----------------------------------------

ئیران وەلاتیکی خەترناکە بۆ ژیانی ژنانی ئەو وەلاتە
.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر